سێنتکۆم وردەکاری هێرشە فراوانەکانی بۆ سەر ئێران ئاشکرادەکات

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکاندا بۆ سەر ئێران، توانیویانە ١٢٥٠ ئامانجی سەربازی بپەکن، کە تەنها لە ڕۆژی یەکەمدا هەزار ئامانجی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج. 

ئۆپەراسیۆنەکە ناوەندەکانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، بنکە و سەکۆکانی هەڵدانی مووسەکی بالیستی و شوێنی مووسەکە دژە کەشتییەکانی گرتووەتەوە و زیانی گەورەی پێ گەیاندوون.


هێزەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (F/A-18)ـەوە بە شەو و ڕۆژ لە ئاسماندا دەفڕن بۆ دابینکردنی هێزێکی ئاگرینی مەزن، کە دەرەنجامەکەی سڕینەوەی تەواوەتی هێزی دەریایی ئێران بووە لە ناوچەکەدا. 

سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش دوو ڕۆژ ١١ کەشتیی جەنگیی ئێران لە کەنداوی عوماندا بوونیان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاسەوارێکی ئەو کەشتی و ژێردەریاییانە نەماوە و هەموویان وێرانکراون.

سەبارەت بە بەرپەرچدانەوەکانی لایەنی بەرامبەر، فەرماندەیی ناوەندی ڕایگەیاندووە'' ئێران بە شێوەیەکی دوژمنکارانە و هەڕەمەکی بەردەوامە لە هاوێشتنی مووسەکی بالیستی بۆ سەر پێگە سەربازی و مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا.''

 ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانیان بەردەوامن لە هەوڵ بۆ لەناوبردنی ئەم هەڕەشانە و بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئیرادەی وڵاتەکەیان بۆ کۆتاییهێنان بەو مەترسییانە لە هەموو کاتێک بەهێزترە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە کە سەردەمی هێرش و بێزارکردنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە کۆتایی هاتووە. ئەمریکا ئازادی هاتوچۆی دەریایی بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی گەشەسەندنی ئابووری جیهان لە ٨٠ ساڵی ڕابردوو دەزانێت، بۆیە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لەو پرەنسیپە و ڕێگری دەکەن لە هەر هێزێک کە بیەوێت ئاسایشی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بخاتە مەترسییەوە.






AM:12:07:03/03/2026