ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا)ی خستەڕوو. کووپەر رایگەیاند، هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی ١٠٠ کاتژمێری رابردوودا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریکادا کردووە.
رۆژی چوارشەممە ٤/٣/٢٠٢٦ فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، زیاتر لە ٥٠ هەزار سەرباز، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و ٢ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەشدارن لەم ئۆپەراسیۆنەدا.
وتیشی: "ئەمە گەورەترین بڵاوکردنەوەی هێزە لەلایەن ئەمریکاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست." بە وتەی کووپەر، لە ٢٤ کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، قەبارەی هێرشەکان دوو هێندەی ئەو هێرشە مێژووییانە بووە، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ کراونەتە سەر عێراق.
ناوبراو ئاشکرای کرد: "لە ماوەی کەمتر لە ١٠٠ کاتژمێردا، زیاتر لە ٢ هەزار ئامانجمان بە بەکارهێنانی زیاتر لە ٢ هەزار مووشەک پێکاوە. بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەکارخراوە، سەدان مووشەکی بالیستی، سەکۆی هاوێشتن و درۆنی ئێران لەناوبراون. ١٧ کەشتی ئێرانی تێکشکێنراون، لەوانە ژێردەریاییە سەرەکییەکەی ئێران کە ئێستا بە تەواوەتی لەکارکەوتووە."
کووپەر جەختی کردەوە: "بۆ چەندین دەیە رژێمی ئێران بارزگانیی دەریایی هەراسان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای عەرەب، گەرووی هورمز یان کەنداوی عومان لە رێگەدا نییە و هەموویان ناچارکراون بگەڕێنەوە ناو بەندەرەکانی خۆیان."
بە گوتەی کووپەر لە ماوەی جەنگەکەدا ئێران ٥٠٠ مووشەکی بالیستی و زیاتر لە ٢٠٠٠ درۆنی لە هێرشەکانیدا بەکارهێناوە.
کووپەر وتی: "ئێمە لە هەموو قۆناخێکی ئەم جەنگەدا پێش پلانی پێشبینیکراوی خۆمانین. سەربازەکانمان لە قووڵایی ئێران دا ئۆپەراسیۆن دەکەن و هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە ئاسمانی تاران کۆنتڕۆڵ دەکەن."
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا، ئەدمیراڵ براد کووپەر وتی: "هەموو ئەوەی دەیکەین بۆ پاراستنی ژیانی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانمانە. ئەو پیاو و ژنانەی لە سوپای ئەمریکان، قارەمانن و دڵنیام کە بە یارمەتی خودا و بە هێزی ئەوان، ئێمە سەردەکەوین و ئامانجەکانمان بەدی دەهێنین."