وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و وردەکارییەکان زانیاری خستەڕوو و دەڵێت "ترەمپ رەزامەندی لەسەر چەکدارکردنی هیچ گروپێک نەداوە".
چوار شەممە، ٤ ئادار ٢٠٢٦، کارۆلین لیڤێت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەی کردووە سەبارەت بە بنکەکەمان لە باکوری عێراق، هەر راپۆرتێک کە ئاماژە بەوە بکات رەزامەندی لەسەر چەکدارکردنی هەر گروپێک داوە، بە تەواوی ناڕاستە".
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی وتوشیەتی "رژێمی تیرۆریستی لە یاسا دەرچووی ئێران بە تەواوی وردوخاش دەكرێن، سەردەمی ٤٧ ساڵ لە لێبوردەیی لەگەڵ گەورەترین سەرپەشتیاری تیرۆر لە جیهان کۆتایی هات، سەرکردە تیرۆریستییە بکوژەکانی ئێران باجی تاوانەکانیان لە دژی ئەمریکا دەدەن و بە خوێنیش باجەكەی دەكەن".
کارۆلین لیڤێت ئاشکرای کردوە کە "ئەمریکا توانای زۆر زیاتری هەیە نەک تەنها بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستانی جێبەجێ بکات، بەڵکو زۆر لەوە زیاتریش بڕوات، ئێمە کۆگای چەکمان هەیە لەهەندێك شوێن کە زۆر کەس لە سەرانسەری جیهان نازانن".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.