سەرۆک کۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەو مووشەکەی ئەمڕۆ ئاراستەی تورکیا کرا ڕاگەیاند و دەڵێت "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداوی هاوشێوە روونەداتەوە، بە روونترین شێوە هۆشدارییەکانمان داوە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، چوار شەممە، ٤ ئادار ٢٠٢٦، ڕایگەیاند " لەبارەی رووداوی خستنەخوارەوەی مووشەکە بالیستییەکەی ئەمڕۆدا، ئێمە بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانمان لە ناتۆ هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێین، هۆشداری توندیش دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە".
هەر لەسەر هەمان بابەت هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە کردوە نیگەرانی خۆیانی پێ ڕاگەیاندوە و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش باڵیۆزخانەی ئێرانی لە تورکیا بانگێشتکرد.
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕۆژی چوار شەممە ڕایگەیاند "مووشەکەکە لە ئێرانەوە هەڵدراوە و بە ئاسمانی عێراق و سوریادا تێپەڕیوە و بە ئاراستەی ئاسمانی تورکیا لە سنووری پارێزگای هاتای هاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانج تێکشکێندراوە".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.