وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی تونددا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند'' هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگیی وڵاتەکەیان.''
عەباس عێراقچی، ئەم کارەی ئەمریکای بە "تاوانێکی گەورە" وەسف کردووە کە لە دووری ٢٠٠٠ میل لە کەناراوەکانی ئێران و لەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزیری دەرەوە، کەشتییە جەنگییەکە ناوی "دێنا" بووە و لە کاتی ڕووداوەکەدا نزیکەی ١٣٠ دەریاوانی تێدا بووە.
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەشتییەکە وەک میوانی هێزی دەریایی هیندستان لە ناوچەکەدا بووە، بەڵام بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، تاران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی واشنتن کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بە توندی لەم کارەی پەشیمان دەبێتەوە.
عێراقچی پێیوایە ئەم جۆرە ڕەفتارانەی ئەمریکا دەبنە هۆی تێکدانی ئاشتی و تێکچوونی ئاسایشی دەریایی لە ناوچەکەدا و مەترسیی گەورە بۆ سەر سەقامگیری دروست دەکەن.
سەرەڕای ئەم تۆمەتە قورسانەی لایەنی ئێرانی، تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) و فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر ڕووداوەکە بڵاو نەکردووەتەوە. ئەم بێدەنگییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار.