سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی سەبارەت بە جێگرەوەی عەلی خامنەیی، قسەی کردوە و دەڵێت "کوڕەکەی خامنەیی بێ کاریگەرە و و ناتوانێت ئەو ئاشتی و تەباییەی ئەمریکا دەیەوێ، بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە".
پێنج شەممە، ٥ ئادار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند "ئەوان (ئێرانییەکان) کاتی خۆیان بەفیڕۆ دەدەن، کوڕەکەی خامنەیی کەسێکی بێ کاریگەرە. دەبێت من لە پرۆسەی دانانی سەرکردەی نوێدا بەشدار بم، رێک وەک ئەوەی لەگەڵ دێلسی رۆدریگێز لە ڤەنزوێلا ئەنجامم دا".
دۆنالد ترەمپ ڕەتی دەکاتەوە کەسێک بۆ داهاتووی ئێران دەست نیشان بکەن کە هەڵگری هەمان سیاسەتی پێشووی ئێران بووبێت و وتی "ئەگەر وابێت، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت دوای ٥ ساڵی دیکە بگەڕێتەوە بۆ جەنگ. ئێمە کەسێکمان دەوێت ئاشتی بۆ ئێران بێنێت".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.