عەباس عێراقچی بۆ ئەمریکا: هێرشی زەوینی بۆتان دەبێتە کارەسات

‌عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنی کەناڵی NBCNEWS ئەمریکیدا باسی لە ئەگەری هێرشی زەوینی کرد بۆسەر وڵاتەکەیان و دەڵێت "سەرکەوتنمان لەوەدایە کە توانیومانە لەبەرامبەر بەهێزترین سوپای جیهان و ئیسرائیلدا خۆڕاگر بین".

پێنج شەممە، ٥ ئادار ٢٠٢٦، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ئێمە ناترسین، بەڵکو چاوەڕێی هێرشی زەوینیی ئەمریکییەکانین، متمانەمان بە خۆمان هەیە کە دەتوانین رووبەڕوویان ببینەوە. ئەوە دەبێتە کارەساتێکی گەورە بۆیان".

وەزیری دەرەوەی ئێران جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە کاتی دانوستاندنەکاندا هێرشی دەستپێکردوە و وتی "ئێمە هیچ ئەزموونێکی ئەرێنیمان لەگەڵ ئەمریکا نییە. ساڵی رابردوو دانوستاندنمان کرد و ئەم ساڵیش سێ جار دانوستاندنمان کرد، بەڵام رێک لە نێوەڕاستی گفتوگۆکاندا هێرشیان کردە سەرمان، بۆیە هیچ هۆکارێک نابینین لەگەڵ کەسانێک قسە بکەینەوە کە لە دانوستاندن دا راستگۆ نین و ویستی باشیان نییە."

عەباس عێراقچی ڕەتیکردەوە داوای ئاگربەستیان کردبێت و دەڵیت "جەنگی ١٢ رۆژەی حوزەیرانی رابردوودا ئەوە ئیسرائیل بوو داوای ئاگربەستی بێ مەرجی کرد، دوای ئەوەی تاران بەرگری کرد".
 
سەبارەت بە ئەنجامی جەنگەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "لەو جەنگەدا هیچ لایەک براوە نابێت." 




PM:09:53:05/03/2026