لە سەرەتای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تا کۆتایی ڕۆژی پێنجەم، ٥ی ئازار، لانیکەم هەزار کەس لە ئێران و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کوژراون و چەند وڵاتێکیش لەو ململانێیانەدا تێوەگلاون.
جگە لە سێ وڵاتی سەرەکی بەشداربوو لەم شەڕەدا، زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو کە بنکە و هێزەکانی سەربازی ئەمریکا لەوێ جێگیرن، لەگەڵ لوبنان، بە خێرایی بەشداریان لەم شەڕەدا کردووە.
کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ماوەیەکە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و هەروەها زۆربەی وڵاتانی سەر کەنداوی فارسی بە مووشەک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردۆتە ئامانج و لانیکەم لە حاڵەتێکدا بە فڕۆکەی جەنگی، بە بیانووی بوونی بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە.
تا ڕۆژی شەشەم واتە ٥ی ئازار هیچ ئامارێکی ورد لەسەر قوربانییەکانی شەڕەکە نییە، بەڵام بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز و سەرچاوەی دیکە، دەتوانرێت ئەم زانیاریانەی خوارەوە بۆ ئێستا بڵاوبکرێتەوە:
ئێران
ڕۆژی چوارشەممە دامودەزگاکانی حکوومەتی ئێران ئاماری جیاوازیان سەبارەت بە گیانلەدەستدان بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێشکەش کرد.
بەپێی هەواڵی میدیا ئێرانییەکان، وتەبێژی مانگی سووری ئێران ڕایگەیاندووە، تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٩٤٠ کەس کوژراون و ١٧٤ شاریش بۆردومان کراون.
دەزگای "کاروباری شەهیدان"ی کۆماری ئیسلامی پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە هەزار و ٢٣٠ کەس.
هەروەها کۆی گشتی بریندارانی ٦ هەزار و ١٨٦ بریندار ڕاگەیاند.
ئیسرائیل
ڕاپۆرتە فەرمییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ١٠ کەسی مەدەنی لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە کوژراون.
نۆ لە کوژراوەکان لە ڕۆژی یەکەم و دووەمی شەڕ لە نزیک پەناگەیەکی شاری بەیت شەمێش لە نزیک قودس لە هێرشێکی مووشەکیی ئێرانیدا کوژران.
سوپای ئیسراییل تا ئێستا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئەگەری زیانی گیانی سەربازی بڵاو نەکردۆتەوە.
لوبنان
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، تا ئێستا ٧٧ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
بەحرەین
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین، دوای ڕێگریکردن لە مووشەکێک و ئاگرکەوتنەوە لە شاری پیشەسازی سەلمان، کەسێک گیانی لەدەستدا.
کوێت
بەپێی ئاماری وەزارەتەکانی تەندروستی و دەرەوەی کوەیت، سێ کەس کوژراون کە دوو سەربازی کوەیتیان هەبووە لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە.
عومان
دوای ئەوەی موشەکێک لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئاڵای دوورگەکانی مارشال لە کەناراوەکانی مەسقەت کەوتە خوارەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا.
ئیمارات
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری ئیمارات سێ کەس کوژراون.
سوپای ئەمریکا
بەپێی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، سێنتکۆم، لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر دامەزراوەیەکی کوەیت، شەش ئەندامی خزمەتگوزاری ئەمریکا کوژراون.
سوریا
بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەوڵەتی سوریا، ڕۆژی شەممەی رابردوو، مووشەکێکی ئێرانی لە باڵەخانەیەکی شاری سویدە لە باشووری ئەو وڵاتە کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران.
عێراق
بەپێی ئەو ئامارانەی لە دامەزراوە پزیشکییەکان تۆمارکراون و لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی عێراقەوە ڕایانگەیاندووە، لانیکەم ١٣ کەس لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران کوژراون، کە ١١ میلیشیا و سەربازێکی سوپا و کەسێکی سڤیلیان تێدایە.