سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران نیشاندا و ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی ئامادە نییە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران واژۆ بکات مەگەر لە حاڵەتێکدا کە ئێران بە شێوەیەکی بێ مەرج خۆی بەدەستەوە بدات.''
دۆناڵد ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەرجی سەرەکی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئێرانی بەستەوە بە گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سەرکردەیەکی مەزن و پەسند بۆ گەلی ئێران دیاری بکرێت، بەمەش ترەمپ ئاماژە بەوە دەدات کە کێشەی سەرەکی وڵاتەکەی لەگەڵ سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێستای تارانە و بەبێ گۆڕانکاری لەو ئاستەدا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕێککەوتن نابینێت.
ترەمپ بەڵێنی ئەوەی داوە کە ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێ بکرێن ئەوا ئەمریکا شانبەشانی هاوپەیمانە "ئازاکانی" کار بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە لێواری وێرانبوون دەکات و هەوڵ دەدەن ئەو وڵاتە لە ڕووی ئابوورییەوە بە شێوەیەک بەهێز بکەنەوە کە گەورەتر و باشتر بێت لە هەموو سەردەمەکانی ڕابردوو، ئەمەش وەک هاندانێک بۆ گۆڕانکاری ناوخۆیی و نیشاندانی ئاییندەیەکی جیاواز بۆ گەلی ئێران لە قەڵەم دەدرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا دروشمە بەناوبانگەکەی خۆی کە بۆ مەزنکردنەوەی ئەمریکا بەکاری دەهێنێت گۆڕی بۆ "با ئێران مەزن بکەینەوە" و هیواشی خواست کە ئێران ببێتە خاوەنی ئاییندەیەکی گەش و پڕشنگدار، ئەم هەنگاوەشی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوە لێکدەدرێتەوە کە واشنتن دەیەوێت مۆدێلێکی نوێی پەرەپێدان لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکات ئەگەر تاران ئامادەیی نیشان بدات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا.