سعودیە هۆشداری دەداتە ئێران


وەزیری بەرگری سعودییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس  باسی لەو هێرشانە کردوە کە لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر بنکە و کێڵگە نەوتییەکانیان و هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت "دوور بکەونەوە".

شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودیە رایگەیاند " لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان کۆبوومەتوە و باسمان لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر شانشینەکە و ئەو رێکارانە کردووە کە بۆ راگرتنیان پێویستن، جەختمان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدەن، هیوادارین لایەنی ئێرانی دانایی بەکاربهێنێت و لە هەر هەڵە هەژمارکردنێک دووربکەوێتەوە".

لە هەمان کاتدا وەزارەتی بەرگری ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە رێگرییان لە چەندین هێرشی مووشەکی کردووە کە ئاراستەی بنکەیەکی ئاسمانی کرابوون کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، هەروەها هێرشێکی درۆنیش بۆ سەر کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی تێکشکێندراوە و مووشەکێکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە باشووری رۆژهەڵاتی ریازی پایتەخت کرابوو، بە هەمان شێوە تێکشکێندراوە و درۆنێکی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی شاری ریازیش بەر لەوەی ئامانجەکەی بپێکێت تێکشکێندراوە. 

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیەش بڵاویکردەوە، هێرشێکی دیکەی درۆنی کە کێڵگەی نەوتیی شەیبەی لە نزیک سنووری ئیمارات کردبووە ئامانج، بەرپەچدراوەتەوە و تەقێندراوەتەوە.

سعودیە کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، لانیکەم دوو هێرشی درۆنی کراوەتە سەر پاڵاوگەی رەئس تەنورە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. 




PM:02:33:07/03/2026