سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سەبارەت بە دۆخی جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ڕەوشی ئێران زانیاری نوێی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئێران خۆی بە دەستەوە دا و چی دیکە هێرش ناکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ".
شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "ئێران، کە زۆر بە تووندی لێی دەدرێ، داوای لێبووردنی لە دراوسێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و خۆی بەدەستەوە دا و بەڵێنی دا کە چی دیکە هێرش نەکاتە سەریان".
هەروەها دۆناڵد ترەمپ وتویەتی "تەنیا لەبەر هێرشە چڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل. ئەوان (ئێران) چاویان لەوە بوو دەست بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرن و بەڕێوەی ببەن. یەکەمین جارە ئێران لە ماوەی هەزاران ساڵدا بە وڵاتانی دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدۆڕێ".
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردوە کە "ئێران چی تر شەقاوەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵکو دۆڕاوەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و چەندین دەیەی دیکەی دەوێ تاوەکو خۆیان رادەست دەکەن یان، بە ئەگەری زیاتر، بە یەکجاری دەڕووخێن".
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە هەندێک گروپیش دەکات و نوسیویەتی "هەندێ ناوچە و گرووپ لە خەڵک هەن کە تا ئەمڕۆ بیر لە لێدانیان نەدەکرایەوە، بەڵام ئێستا زۆر بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ بۆ ئەوەی بە تەواوی وێران بکرێن و رووبەڕووی مەرگ بکرێنەوە".
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەم ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئەمریکاوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن "سوپاس سەرۆک ترەمپ" و منیش دەڵێم: "شایانی نییە!".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.