دۆناڵد ترەمپ: تا تەواوی ئامانجەکان لە ئێران دەپێکین بەردەوام دەبین

‌دۆناڵد ترەمپ- سەرۆکی ئەمریکا

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی لاتین لە فلۆریدا، وتارێکی سەبارەت بە جنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێشکەشکرد و وتی " جگە لە هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانیی ئێران و تەواوی تۆڕی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج".

شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە ناچار بووین هێزە سەربازییە بەهێزەکەمان بەکار بهێنین، چونکە هیچ سوپایەک لە جیهاندا نییە هێندەی سوپای ئێمە بەهێز و پڕچەک بێت و ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچن و ئەنجامی گەورەمان بە دەست هێناوە".

سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی "لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا، هێزەکانمان توانیویانە ٤٢ کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئێران تێکبشکێنن و لەناوی ببەن".

لەبارەی هۆکاری هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "ئەوان ٤٧ ساڵە کاری خراپ دەکەن، دەبوایە ئەم کارەمان بکردایە و هێرشمان بکردایەتە سەر ئێران، چونکە ئەگەر دەستپێشخەریمان نەکردایە، ئەوا دەبوونە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
دۆناڵد ترەمپ جەختیشی کردەوە، کە "ئۆپەراسیۆنەکانیان راناوەستن و بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تەواوی ئامانجەکانیان دەپێکن".




PM:06:30:07/03/2026