وردەکاری تەواوی کوشتنی عەلی خامنەیی


شرۆڤەکار و لێکۆڵەر مایکڵ هۆرۆڤیتز  وردەکاری چۆنیەتی کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ کۆڤاری المجلە ئاشکرا کردوە و دەڵیت "لە ماوەی تەنها ٥ خولەکدا، ٤٠ بەرپرسی باڵای ئێران بە لایەنی کەمەوە کوژران".

مایکڵ هۆرۆڤیتز، شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سەربازی بەم شێوەیە باسی چۆنیەتی کوشتنی خامنەیی کردوە "کورتەی کوشتنی خامەنەیی لە  ماوەی چەند خولەکێکی کەم لە یەکەم تەقینەوەکان، ٣٠ مووشەک بەر کۆمەڵگەی شەقامی پاستۆر کەوتوون کە سەر بە ڕێبەری باڵا عەلی خامنەییە، تاوەرەکانی مۆبایل لە گەڕەکەکانی دەوروبەر بە شێوەیەکی بژاردە لە کار خران، بە جۆرێک ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان نەیانتوانی هیچ هۆشدارییەک بنێرن، زۆربەی کامێراکانی چاودێری هاتووچۆ لە تاران، دیمەنی کۆدکراویان بۆ سێرڤەرەکان لە تەلئەبیب گواستووەتەوە، تەنها لە ماوەی پێنج خولەکدا، لە نێوان کاتژمێر ٨:١٠ بۆ ٨:١٥ی بەیانی، هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم ٤٠ بەرپرسی باڵای ئێران، بەشە سەرەکییەکەی هێرشەکە کۆمەڵگەیەکی گەورەی لە شەقامی پاستۆر کردووەتە ئامانج کە  ڕێبەری باڵا خامنەیی بەکاری دەهێنا، کە ناوچەیەکی توندوتۆڵ پارێزراوە لە تاران".

ئەو شرۆڤەکارە لە بارەی کاتی هێرشەکان و هەماهەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل وتویەتی "ئەمریکا و ئیسرائیل دابەشکردنی ئەرکەکانیان هەماهەنگ کردووە، ئیسرائیل جەختی لەسەر ڕۆژئاوای ئێران کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا جەختی لەسەر ڕۆژهەڵات کردووەتەوە، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکە لە بەیانیدا هەنگاوێکی پلان بۆ داڕێژراو بووە. هەموو هێرشەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە شەودا بوون، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی شەممە سیستەمی بەرگری تارانی تووشی سەرلێشێواوی کرد و هاوکێشەکەی سەرەوژێر کردەوە".

مایکڵ هۆرۆفیتز ئەوەی ئاشکرا کردوە کە  "یەکەی ٨٢٠٠ ی سەر بە CIA نەخشەیەکی پێشبینیکەریان بۆ ئیسرائیل دابین کردووە کە یارمەتیدەر بووە بۆ قۆستنەوە و دەستنیشانکردنی وردی دەرفەتەکان، ئەو دەرفەتانەی کە ڕۆژی شەممە ڕەخسان".

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان،  ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان.




PM:07:24:07/03/2026