وەزارەتی پەروەردەی ئێران: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠٠ قوتابی و مامۆستا بوونەتە قوربانی

وەزارەتی پەروەردەی ئێران لە نوێترین راگەیەنراوی خۆیدا ئامارێکی سەبارەت بە کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی پەروەردە بڵاوکردەوە.

 وەزارەتەکە دەڵێت'' تا ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانەوە ١٩٢ قوتابی و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە و ١٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.''

هاوکات ئاشکراشی کردووە کە هێرشەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیانی ماددی زۆریان بە ٦٦ قوتابخانە لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران گەیاندووە و بوونەتە هۆی پەککەوتنی خوێندن.

ئەم پەرەسەندنە مەیدانییانە لە کاتێکدایە کە بەیانیی رۆژی شەممە ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر خاکی ئێران دەستپێکرد و چەندین ئامانجی سەربازی و سیاسییان پێکاوە کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتە کوژراون.

لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خێرایی کاردانەوەی نواند و لە رێگەی تیروهاوێژکردنی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستی بۆ ناو جەرگەی ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. 




PM:07:45:07/03/2026