عەباس عێراقچی: تێڕوانینە هەڵەکانی ترەمپ دەرفەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی لەناوبرد

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' مەسعود پزیشکیان ئامادەیی مەرجداری وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە نیشاندابوو، بەو مەرجەی خاک و ئاوی وڵاتانی دراوسێ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارنەهێنرێت.''

عەباس عێراقچی وتی'' بەڵام ئەم دەسپێشخەرییە بەهۆی هەڵە تێگەیشتنی دۆناڵد ترەمپ لە توانا و ئیرادەی تاران بەتەواوی لەناووچوو، عێراقچی هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا بەدوای زیادکردنی گرژییەکاندا بگەڕێت، ئەوا ڕووبەڕووی وەڵامێکی توندی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە کە مێژووییەکی درێژە خۆیان بۆ ئەو ساتەوەختە ئامادە کردووە.''

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسیارێتی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی لە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکادایە و پێشتر لە ڕێگەی نێردراوەکانی ترەمپەوە هۆشداریی ئەوەیان پێدراوە کە شەڕ پێگەی ئەوان بۆ گفتوگۆ بەهێز ناکات، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەرکێشییەکانی ترەمپ تا ئێستا ١٠٠ ملیار دۆلار تێچووی بۆ سوپای ئەمریکا هەبووە و گیانی سەربازە گەنجەکانی خستووەتە مەترسییەوە، کە لە کۆتاییدا دەرهاویشتە ئابوورییە نەرێنییەکانی ئەم تێچوونانە تەنیا زیان بە خەڵکی ئاسایی ئەمریکا دەگەیەنێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عێراقچی ئاماژەی بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی خودی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە ئەنجوومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی ئیدارەی ترەمپ، کە هەڵسەنگاندنی ١٨ دەزگای جیاوازی تێدایە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە هەر جەنگێک لە دژی ئێران تەنیا بە شکست بۆ واشنتن کۆتایی دێت، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی ململانێکان بە زیانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەشکێتەوە و دۆخەکە بەرەو ئاقارێکی نادیار دەبات.




PM:10:46:07/03/2026