ناتانیاهۆ: شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین و تا سەرکەوتنی کۆتایی لە شەڕی دژ بە ئێران بەردەوام دەبین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەوپەڕی توانایەوە درێژە بە جەنگی دژ بە ئێران دەدات تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی تەواوەتی بەدەست دەهێنن.

بنیامین ناتانیاهۆ،  ئاماژەی بەوەش دا، لە دوای ڕووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەرەوە بەڵێنی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و ستراتیژیی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوە و ئێستاش لەو پێناوەدا هەنگاوی کردەیی دەنێن، جەختیشی کردەوە کە حکومەتی لوبنان بەرپرسیارە لە داماڵینی چەکی حزبوڵا و لە ئەگەری شکستهێنان لەو ئەرکەدا، لوبنان ڕووبەڕووی لێکەوتەی زۆر سەخت دەبێتەوە.

سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن، ناتانیاهۆ ئاشکرای کرد، پێش هەڵبژاردنی ترەمپ لەگەڵ ناوبراو کۆبووەتەوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی. 

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان تەنها لێدانی دەسەڵات نییە، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گەلی ئێران بتوانن خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەژێر دەسەڵاتی ئێستا ڕزگاریان بێت.

لە ڕووی سەربازییەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئیدیعای ئەوەی کرد کە هێزەکانیان توانیویانە دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بکوژن و کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک تێکبشکێنن، بە جۆرێک کە لە ئێستادا ئیسرائیل کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوی ئاسمانی ئێرانی کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێکی پێشوەختە بووە بۆ ڕێگری لە هێرشی ئێران، کە بە گوتەی ئەو هەموو ڕۆژێک چینێکی دیکەی دەسەڵات و تواناکانی تاران دادەماڵن و لاوازی دەکەن.

ناتانیاهۆ لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل هیچ کات ڕێگە نادات ئێران ببێتە مەترسییەکی ئەتۆمی و هەموو بژاردەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی لەسەر مێزن، ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم ئاڵۆزیی تونددایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن، بەڵام پەیامەکانی ئیسرائیل ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پڕۆسە سەربازییەکان تا بەدەستهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان ناوەستێن.




PM:11:54:07/03/2026