فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتیانی ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت'' بەهۆی بەکارهێنانی ناوچە مەدەنییەکان بۆ مەبەستی سەربازی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە چیتر ناتوانن گەرەنتی پاراستنی سەلامەتی گیانی خەڵکی سڤیل بکەن لە کاتی هەر پەرەسەندنێکی سەربازیدا.''
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران شارە قەرەباڵغەکانی وەک ئەسفەهان، دێزەفول و شیراز بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنن و ئەم کارەیش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو شوێنە مەدەنییانە دەگۆڕێت بۆ ئامانجی ڕەوای سەربازی و مەترسی گەورە بۆ سەر دانیشتووانەکەی دروست دەکات.
سوپای ئەمریکا بە توندی داوا لە خەڵکی بێتاوانی ناوخۆی ئێران دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان دووربکەونەوە چونکە ڕژێمی وڵاتەکە بە ئەنقەست فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان وەک قەڵغان بەکاردەهێنێت و ژیانی خەڵکی سەرانسەری ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هێزەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە، ئەوان هەموو ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی دەگرنەبەر و بە پێچەوانەی ڕژێمی ئێرانەوە بە هیچ شێوەیەک مەدەنییەکان ناکەنە ئامانج بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە بەرپرسیارێتی هەر زیانێک لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دامەزراوە سەربازییەکان دەباتە ناو جەرگەی ژیانی خەڵکەوە.