تڕەمپ: پێویستە سەرکردەی نوێی ئێران بە ڕەزامەندی ئێمە دیاری بکرێت

 سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئایندەی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند'' هەر سەرکردەیەکی نوێ لە ئێران دەستبەکاربێت، دەبێت ڕەزامەندی ئەمریکای لەسەر بێت.''

دۆناڵد تڕەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لەناو ڕژێمی کۆندا کەسانێکی شایستە هەن بۆ ئەوەی جێگەی عەلی خامنەیی بگرنەوە و سەرکردایەتی قۆناغی داهاتوو بکەن.

سەبارەت بە دۆخی سەربازی، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان توانیویانە بەشێوەیەکی کاریگەر هێزی دەریایی، ئاسمانی و سیستەمی بەرگری ئاسمانیی ئێران تێکبشکێنن و لەناویان ببەن.

تڕەمپ ڕوونیکردەوە کە تائێستا هیچ خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران لە ئارادا نییە و سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی تایبەتیش بۆ ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو ئەگەرەکان کراوەن، چونکە بە وتەی ئەو، ئێران پلانی هەبووە دەست بەسەر تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت.




PM:07:34:08/03/2026