ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتن لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات

دوای ئەوەی موجتەبا خامنەیی وەکوو ڕێبەری نوێی ئێران هەڵبژێردرا ، ئیسرائیل لە یەکەم کاردانەوەیدا هەڕەشەی کوشتنی دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، دوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی وەکوو سێیەمین رێبەری باڵای ئێران ئەمیر ئۆحانا، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی (ئێکس)هەڕەشەی کوشتنی لە ڕێبەری نوێی ئێران کرد.

ئوحانا وێنەی عەلی خامنەیی، حەسەن نەسروڵا، یەحیا سنوار و ئیسماعیل هەنییە و ژمارەیەکی دیکەی سەرکردەی دیکەی ئێران و گروپەکانی دیکەی داناوە کە ئیسرائیل کوشتوونی و موجتەبا خامەنییش لە ناوەڕاستیاندا.

ئۆحانا بە زمانی عیبری نووسیویەتی" هەرکەسێک بە ڕێگاکەیاندا بڕوات، وەکو ئەوانی لێدێت".

لە یەکەم کاردانەوەی سەرۆکی ئەمریکاش دوای هەواڵی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی لە لایەن مەجلیسی شارەزایانەوە هات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر هەڵبژاردنی موجتەبا بدات، و خۆی سنووردار کرد  و تەنیا وتی "دەبینین چی ڕوودەدات".




AM:10:53:09/03/2026