ئەردۆغان: ئەم هەفتەیە جەنگی ئێران و ئەمەریکا زۆر قورس دەبێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە لێدوانێکی نوێ و بێپێشینەدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی تاران و ئاشکرای کرد کە سیستەمەکانی بەرگریی ناتۆ توانیویانە مووشەکێکی بالیستیی ئێران پووچەڵ بکەنەوە. 

سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی تاران کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵە دۆستانەکانی ئەنقەرە، ئێران بەردەوامە لە گرتنەبەری هەنگاوی ئیستفزازی و هەڵە. ئەو جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە و پێویستە تاران بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە مەترسییەکانی "تۆڕی زایۆنیزم" کرد و داوای کرد لایەنەکان نەکەونە ناو داوی پیلانێک کە ئامانج لێی دروستکردنی جەنگ و دووبەرەکییە لەنێوان براکاندا. ئەو وتیشی نابێت هیچ لایەنێک تووشی هەڵەی حیسابات ببێت و ببێتە سووتەمەنی بۆ پڕۆژەیەک کە تەنها خزمەت بە کۆمەڵکوژی و ناسەقامگیریی ناوچەکە دەگەیەنێت.

لە کۆتاییدا، ئەردۆغان ستایشی هەڵوێستی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد و دەستخۆشی لێ کردن کە نەکەوتوونەتە ناو ئەو یارییە مەترسیدارەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت. متمانەی خۆشی نیشان دا کە کوردانی باشوور بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەقامگیری و هەرگیز نابنە بەشێک لەو پیلانانەی کە ئاشتیی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.






PM:08:45:09/03/2026