کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملین) ڕایگەیاند'' ڤلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگیان ئەنجامداوە و تێیدا پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئێران و پرسی جەنگی ئۆکرانیایان تاوتوێ کردووە.''
ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە ناوچەکە بەهۆی پێکدادانە ڕاستەوخۆکانەوە لە لێواری تەقینەوەدایە و هەردوو سەرۆک هەوڵیانداوە خاڵە هاوبەشەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بدۆزنەوە.
لە میانەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی ڕوسیا چەند پێشنیاز و بیرۆکەیەکی نوێی خستووەتە بەردەم هاوتا ئەمریکییەکەی، کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی دەرهاویشتەیەکی دیپلۆماسییە بۆ چارەسەرکردنی سیاسییانەی ململانێکانی پەیوەست بە ئێران. پوتن جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ڕێگەی خێرا بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بەرژەوەندیی لایەنە نێودەوڵەتییەکانی تێدا بپارێزرێت.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی نێوان مۆسکۆ و واشنتن دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی فراوانیان کردە سەر ئێران و چەند سەرکردەیەکی باڵای ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج. ئەو هێرشانە بوونە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی ناوچەکە و وایکرد کە ڕووسیا وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی بێتە ناو هێڵی پەیوەندییەکانەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیر.
لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاراستەکردنی ژمارەیەکی زۆر مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، ئەمەش مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی وزە و سەقامگیریی جیهانی زیاتر کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر ئەنجامی ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنییەی نێوان پوتن و ترەمپن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەتوانن بگەنە لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە کۆتایی بەم گرژییە بێپێشینەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.