وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (PBS)ی ئەمریکی ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی لە ئێستادا هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ واشنتن.''
عەباس عێراقچی، ئاماژەی بەوە کرد کە تاران "ئەزموونێکی زۆر تاڵی" لەگەڵ ئەمریکا هەیە، چونکە سەرەڕای بەڵێنەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشە ئەتۆمییەکان، ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکاندا کردووە، بۆیە پرسی دیالۆگ چیتر لە کارنامەی حکومەتی ئێراندا نەماوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی تونددا جەختی لە بەردەوامیی بەرگریی سەربازی کردەوە و ڕایگەیاند کە هێرشە موشەکییەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن و تاران ئامادەیە تا ئەو کاتەی پێویست بێت لەسەر ئەم ڕێگەیە بڕوات.
عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا ئەمریکای بە بەرپرسیار زانی لە کوژرانی ١٦٨ خوێندکاری کچ لە ناوچەی میناب، کە لە کاتی وانەخوێندندا لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئەمریکا بوونەتە قوربانی.
سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان، عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبوو لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا ڕژێمی ئێران بڕووخێنن و سەرکەوتنێکی خێرا بەدەستبهێنن، بەڵام ئەو پیلانە بە تەواوی شکستی هێناوە.
دووپاتی کردەوە کە هەر هەوڵێکی تری هاوشێوە بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێراندا، بە هەمان چارەنووسی شکست کۆتایی دێت و تاران لە ڕووبەڕووبوونەوە کۆڵ نادات.
ئەم لێدوانە توندانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئێران و تارانی پایتەخت چڕ بوونەتەوە و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.