بەرپرسێکی ئیسرائیل هەڕەشە لە تورکیا دەکات


 
سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئەنقەرە و رایدەگەیەنێت" ئەگەر تورکیا بیەوێت بە تیرۆر گەمارۆمان بدات، ناچار دەبین دوای ئێران رووبەڕووی ئەو وڵاتە ببینەوە".
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلۆمبێرگ نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیلیان دەڵێت" ئەگەر تورکیا هەوڵی هاوپەیمانییەکی نوێی ئیسلامی بدات لە ناوچەکەدا، رەنگە دواجار ناچار بین دوای ئێران رووبەڕووی ئەو وڵاتەش ببینەوە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" هەر هاوپەیمانییەکی لەو چەشنە، لەلایەن ئیسرائیلەوە وەک بەرەیەکی دوژمنکارانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنرێت و بەرامبەر بەو هەڕەشەیە دەستەوەستان نابێت".
 
روونیشی کردەوە، کە دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی ئەردۆغان نایەوێت هیچ هاوپەیمانێتیەکی نوێی ئیسلامی توندڕەوی سوننە لە نێوان وڵاتەکەی، سوریا و قەتەر سازبکات.
 
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل پێیوایە کە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەیوەستە بە بڕیارەکانی ئەنقەرە و ئەوەی کە ئاشتی دەوێت، یاخود هەوڵ دەدات بە تیرۆر ئیسرائیل گەمارۆ بدات، کە لە وەها حاڵەتێکدا تەلئەبیب دەستەوەستان و بێ کاردانەوە نابێت.

لە بارەی هەیمەنە بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانێکە ململانێییەکی توند لە نێوان تورکیاو ئیسرائیلدا پەیدابووە، سەختر ترین ئەو ناکۆیەیە کە لەسەر سوریا هاتەکایەوەو تا ئێساش بەردەواەمە و ئێستاش رۆژبەرۆژ ئەو ناکۆکییە دەگوازرێتە بو سەر مەیدانی سیاسی و سەربازی و ئابوری ئێڕان.




PM:01:52:11/03/2026