دۆناڵد ترەمپ: بە یەک کاتژمێر دەتوانین ئەوەی ئێران ماویەتی خاپوری بکەین


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنفرانشیکی ڕۆژنامەوانیدا دواین پێشهاتەکانی جەنگی وڵاتەکەیی و ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران خستەڕوو و دەڵیت "هێشتا کارەکانمان تەواو نەکردووە و دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لە ناو ئێران".

چوار شەممە، ١١ ئادار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند " گورزێکی هێندە قورسمان لێداون (لە ئێران) کە لە مێژوودا هیچ وڵاتێک بەو شێوەیە گورزی لێ نەدراوە، بەڵام هێشتا کارەکانمان تەواو نەکردووە و دەبێت بەردەوام بین لە کارکردن لە ناو ئێران، سەرکردەکانیان نەماون، ئێمە دەتوانین زۆر لەوە خراپتر بکەین. تا ئێستا دەستمان لە هەندێک ئامانج پاراستووە، بەڵام ئەگەر بڕیار بدەین لێیان بدەین، ئەوا تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا بە جۆرێک خاپوور دەبن کە مەحاڵە هەرگیز بتوانن ئەو وڵاتە دروست بکەنەوە".

لە بارەی "لەناوبردنی" هێزی دەریایی ئێرانەوە ترەمپ وتی "ئێمە سەرکەوتوو بووین لە لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێران،  تەنیا لە یەک شەودا نزیکەی سەرجەم کەشتییە مینڕێژەکانیانمان تێکشکاند کە ژمارەیان گەیشتە ٦٠ کەشتی بوو".

 سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دانانی مین لە ناو گەروی هورمز سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "پێمان وا نییە مین دانرابێت، چونکە سەرجەم ئەو کەشتییانەمان لەناو برد کە دەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بۆیە بڕوام وایە پێویستە کۆمپانیاکانی نەوت گەرووی هورمز بەکاربهێنن".

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری نوێی ئێران، ترەمپ رەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدات و وتی "نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم"، بەڵام ئەوەندەی خستەڕوو کە قسەی لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵات کردووە و لیستێکی لە ئامانج و هێرشەکانی ئەمریکا پێداون، کە بە وتەی ئەو، سەرکردەکان پێیان وتووە کە "لە ژیانیاندا شتی لەو شێوەیەیان نەبینیوە".

دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە دۆخی لوبنان رایگەیاند "دەبێت رزگارمان بێت لە حزبوڵڵا، چونکە بۆ چەندین ساڵە بووەتە کارەساتێکی گەورە بۆ ئەو وڵاتە".




PM:08:21:11/03/2026