موجتەبا خامنەیی یەکەمین پەیامی بڵاوکردەوە

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، لە پەیامێکدا جەختی لە بەردەوامیی ستراتیژیی "تۆڵەسەندنەوە” کردەوە.

ڕێبەری نوێی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە باوەڕیان بە دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، بەڵام "ناچارن” بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی ئەو وڵاتانەدا. ڕاشیگەیاند کە ئامانجی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تەنها کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی خانەخوێیە.

لە پەیامەکەیدا، موجتەبا خامنەیی بڕیارێکی ستراتیژیی ڕاگەیاند و وتی: "دەبێت گەرووی هورمز هەر بە داخراوی بمێنێتەوە.” ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر ئەو ئابڵۆقە و گرژییانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە لە تۆڵەی خوێنی شەهیدەکان، بەتایبەتی شەهیدانی "میناب”، خۆش نابن.

موجتەبا خامنەیی وتی، "تۆڵەی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە دوژمن بەرامبەر ئێمە کردی، دەبێت لە هەموو رووەوە بەرەنگاری دوژمن ببنینەوە".

وتیشی: لە هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێ ناوەستین تا دەریان دەکەین.


وتیشی، "جەخت لە یەکگرتووی نێوان چین و توێژی نەتەوەکەمان دەکەینەوە و بەهەرجۆرێک بێت قەرەبوو لە دوژمن وەردەگرینەوە".

موجتەبا داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و بەشدارییەکی فراوان لە رۆژی قودس دا بکەن بۆ نیشاندانی هێزی وڵاتەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا.

ئەم پەیامە وەک یەکەمین نەخشەڕێگەی ڕێبەری نوێی ئێران دەبینرێت، کە ئاماژەیە بۆ توندتربوونی هەڵوێستەکانی تاران لە بەرانبەر واشنتۆن و بەردەوامیی داخستنی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان.




PM:04:44:12/03/2026