سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا هێرشێکی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و ڕایگەیاند'' ڕژێمی ئێران بە تەواوی لەناو دەبەن.''
دۆناڵد ترەمپ جەختی کردەوە، ئەم لەناوبردنە تەنها لایەنی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵکو لە ڕووی ئابوری و هەموو بوارەکانی تریشەوە دەبێت. ئەو داوای لە جیهان کرد چاوەڕوان بن، چونکە بە وتەی ئەو، "ئەمڕۆ" بڕیارە شتی گەورە بەسەر ئەو ڕژێمەدا بێت کە ئەو بە "تیرۆریستی" ناوی برد.
لە نووسینێکدا لە سەکۆی "تروس سۆشیال"، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران چیتر بوونیان نەماوە و هەموو موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان لەناو دەبرێن. ترەمپ بە زمانێکی زۆر توند باسی لەوە کرد کە سەرکردەکانی ئێران لەسەر ڕووی زەوی دەسڕێنەوە، چونکە ئەمریکا خاوەنی هێزێکی وێرانکەری بێهاوتا و تەقەمەنی بێسنوورە. ئەو دووپاتی کردەوە کە کاتی پێویستیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی نیشانی بدەن چی بەسەر ئەو "خراپەکارە شێتانەدا" دەهێنن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ پەیوەندییەکی لە نێوان ژمارەی ساڵانی دەسەڵاتی ئێران و نازناوی خۆی وەک سەرۆک دروست کرد و وتی: "ئەوان ٤٧ ساڵە خەڵکی بێتاوان لە جیهاندا دەکوژن، ئێستاش من وەک ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییان پێدەهێنم." ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "شەرەفێکی گەورە" بۆ خۆی وەسف کرد کە بتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات و ئەو ڕژێمە لەناو ببات.