وەزارەتی بەرگری تورکیا: مووشەکێکی ئێرانیمان خستە خوارەوە


وەزارەتی بەرگری تورکیا راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت  بە خستنەخوارەوەی مووشەکێک لە ئاسمانی وڵاتەکەیان و دەڵێت "لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو".

هەینی، ١٣ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند "تەقەمەنییەکی بالیستی کە لە ئێرانەوە تەقێنرابوو و چووبووە ناو کایەی ئاسمانی تورکیا، لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە کە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست جێگیرن، تێکشکێنرا".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتوە کە "هەموو رێکارە پێویستەکان بە پێداگری و بەبێ دوودڵی دژی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاراستەی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەمان بکرێت دەگیرێتەبەر، و بۆ روونکردنەوەی تەواوی رەهەندەکانی رووداوەکە لەگەڵ وڵاتی پەیوەندیدار لە گفتوگۆداین".

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە مووشەکێکی بالیستیی تێکشکاندووە کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کرابوو.

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان،  ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە.




PM:02:02:13/03/2026