زانیارییەکان کە گەیشتوونەتە دەست "ئێران ئینتەرناشناڵ" باس لەوە دەکەن کە باری جەستەیی و تەندروستیی ڕێبەری نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی، و نەبوونی توانای پەیوەندی بەردەوام و ڕێکخراو لەگەڵ بەرپرسان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ڕژێمی ئێران، بووەتە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی ڕەخنەئامێز و هەندێک جووڵەی سیاسی لە نێوان توێژێک لە پیاوانی ئایینی دەسەڵاتداردا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، عەلی ڕەزا ئەعرافی، یەکێک لە فەقیهەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، یەکێکە لەو پیاوە ئایینییانەی ڕەخنەی لە باری جەستەیی و توانای ئیداریی موجتەبا خامنەیی گرتووە، هەروەها " ئەوی بە لاوازکردنی پێگەی ڕێبەرایەتی لە ئێران ناوبردووە"؛ ئەو هەوڵ دەدات دەسەڵات و فەرمانەکان لە لوتکەی هەرەمی حوکمڕانیدا بگەڕێنێتەوە بۆ "ئەنجومەنی ڕێبەرایەتی کاتی".
ئەعرافی یەکێکە لە پیاوە ئایینییە دەستڕۆیشتووەکان کە ڕەخنەش لە فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی سوپای پاسداران و باڵادەستیی فەرماندەکانی بەسەر پرۆسەی بڕیاردان لە دەسەڵاتدا هاوکات لەگەڵ بارودۆخی شەڕ دەگرێت.
دابەشبوون و ناکۆکییەکان لە نێوان بەرپرسانی سیاسی و پیاوانی ئایینی لە دەسەڵاتدا لە لایەک و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە لایەکی تر، دوای کوژرانی (مردنی) عەلی خامنەیی زیادی کردووە، بەتایبەتی دوای دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ڕژێم.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنج شەممە موجتەبا یەکەم وتاری بەنوسراوی و بەبێ دەرکەوتن لە میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، بەرپرسانی ئەمەریکاش هەر لە ترەمپ و وەزیری جەنگەکەی ئاماژە بە برینداربوون و دۆخی خراپی تەندروستی موجتەبا دەکەن لە لێدوانە رۆژنامەوانیەکانیاندا.