سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس پەیامێکی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە و داوا لە چەند وڵاتێک دەکات کەشتی جەنگی بنێرن بۆ گەروی هورمز.
شەممە، ١٤ ئادار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند " زۆر لە وڵاتان، بەتایبەتی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هەوڵی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ ئەوەی تەنگەکە بە کراوەیی و سەلامەتی بهێڵنەوە".
دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەردەوامی بۆردومانەکانیان دەڵێت "ئەمریکا بە سەختی بۆردوومانی کەناراوەکانی ئێران دەکات و بەردەوام بەلەم و کەشتییە ئێرانییەکان لەسەر ئاوەکە تێکدەشکێنێت. بە هەر رێگەیەک بێت، بەزوویی تەنگەی هورمز دەکەینەوە و سەلامەت و ئازادی دەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا داوای لە چەند وڵاتێک دەکات کە پێکەوە بتوانن کەشتی جەنگی بنێرن بۆ گەروی هورمز و وتویەتی "هیوادارین چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەوانی دیکە کە بەهۆی ئەم بەربەستە دەستکردە زیانیان بەرکەوتووە، کەشتی بنێرنە ناوچەکە بۆ ئەوەی گەروی هورمز چیتر نەبێتە هەڕەشە لەلایەن وڵاتێکەوە کە بە تەواوی لە پەلوپۆ خراوە".
لە بارەی دۆخی ئێستای ئێران لە جەنگەکەدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "ئێمە لە ٪١٠٠ توانای سەربازیی ئێرانمان لەناوبردووە، بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە درۆنێک یان دووان بنێرن، یان مینێک فڕێبدەن، یان مووشەکێکی کورت مەودا ئاراستەی شوێنێک بکەن لەم رێڕەوە ئاوییەدا، گرنگ نییە چەندە بە خراپی تێکشکێندراون".
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە