وەزیری وزەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ABC وڵاتەکەیدا سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و کاریگەری لەسەر وزەی جیهان وتویەتی "چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا جەنگ تەواو ببێت".
یەک شەممە، ١٥ ئادار ٢٠٢٦، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند " کێشە و ململانێ لەگەڵ ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاستی هەناردەی نەوت و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا".
"جیهان ئێستا بە قۆناغێکی کورتی پشێوی لە کەرتی وزەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە جەنگەکاندا هیچ گرەنتییەکی تەواو نییە سەبارەت بە کاتی وردی کۆتاییهاتنی ئەم پشێوییانە"، وەزیری وزەی ئەمریکا وا دەڵێت.
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان، ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە.