ترەمپ بژاردەی دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە نەوتییەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پلانێکی ستراتیژی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی "خارک" کە شاخوێنەری هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. 

ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکی توند دەبێت بۆ بەردەوامیی هەڕەشەکانی تاران و داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیڕانی نێودەوڵەتیدا، جێبەجێکردنیشی پێویستی بە بڵاوکردنەوەی هێزە مەیدانییەکانی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەکەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تێرمیناڵە نەوتییەکان و بێبەشکردنی تاران لە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دۆلار.

لە کاتێکدا کە ئەم بژاردەیە وەک کارتێکی گوشاری بەهێز لەسەر مێزی گفتوگۆکانی واشنتن دانراوە شارەزایان هۆشداری دەدەن کە کۆنترۆڵکردنی خارک دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ئابووری ئێران. 

هاوکات ڕێکخراوی بازرگانی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە مەترسییەکان لە گەرووی هورمز لە هەڵکشاندایە و تەنها لە سێ هەفتەی ڕابردوودا ٢٠ کەشتی لەو سنوورەدا کراونەتە ئامانج، ئەمەش وای کردووە بارگرژییەکان بگەنە ئاستێکی بێپێشینە و ئاسایشی وزەی جیهانی بکەوێتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا داوای لەو وڵاتانە کرد کە پشتبەستنی تەواویان بە نەوتی کەنداو هەیە وەک چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و فەرەنسا کە بێنە پێشەوە و بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ. سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە چونکە وزەی ئەو وڵاتانە لەوێوە دابین دەبێت پێویستە خۆیان خەرجی و ئەرکی پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان بکێشن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی کەنداو لەسەر تێچووی خۆی.

داخستنی گەرووی هورمز کە درێژییەکەی تەنها ٢١٢ کیلۆمەترە کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر ئابووری وڵاتانی ناوچەکە دەبێت بەتایبەت عێراق و کوێت و بەحرەین کە ئەم گەرووە تەنها دەروازەی بازرگانییانە. 

ڕۆژانە تێپەڕبوونی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووەدا وای کردووە کە هەر جۆرە پەککەوتنێک لەو سنوورەدا نەک تەنها ببێتە هۆی پەککەوتنی ئابووری ئەو وڵاتانە بەڵکو بازاڕی وزەی جیهانیش ڕووبەڕووی قەیرانێکی کەم وێنە و بەرزبوونەوەی بێشوماری نرخەکان بکاتەوە.






PM:03:31:16/03/2026