ئێران ڕەتی دەکاتەوە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندییان ئەنجام دابێت


ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە وەڵامی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی دەداتەوە و دەڵێت "هەواڵی ساختە بڵاو دەکەنەوە"، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو مەڵپەڕە ئەمریکیەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە " لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامدراوە".

سێ شەممە، ١٧ ئادار ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەزاری بەرپرسێکی ئێرانیەوە کە ناوی نەهێناوە رایگەیاندوە "لە کاتێکدا فشارە سەربازی و ئابوورییەکان لەسەر ترەمپ زیادیان کردووە، ئەو بێهیوا بووە و دەیەوێت لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئاماژە و کەشێکی دانوستان دروست بکات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕی وزە دابنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وێرانکاری و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هاووڵاتییانی ئێران نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو لە زیادبووندایە".

ئاژانسە ئێرانیەکە ئاماژەی بەوەکردوە کە ئەو بانگەشەیەی ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە "دوورە لە راستییەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ماڵپەڕە بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ناسراوە".

بە وتەی ئەو بەرپرسە "تاران هیچ متمانەیەکی بە بەڵێنەکانی ترەمپ نییە، چونکە لە گەرمەی ئەو دانوستانانەی کە پێشتر بە رێوە دەچوون، لانی کەم دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ئێران".

لە هەواڵی ئاژانسە ئێرانیەکەدا ئەوەش هاتوە کە "ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نییە ئەگەر بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتمانییە درێژخایەنەکانی ئێران و هاوبەشە ناوچەییەکانی مسۆگەر نەکات، و بە دڵنیاییشەوە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هەڵگیرسانی جەنگ".




AM:12:59:17/03/2026