قالیباف: ئاگربه‌ست تەنیا بە مەرجی پەشیمانبوونەوەی دوژمن قبوڵ دەکرێت


 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسی ئاڵۆزییە سەربازییەکان و مەرجەکانی ڕاگەیاندنی ئاگربەست خستە ڕوو.

محەمەد باقر قالیباف لە لێدوانێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەست تەنیا کاتێک لۆژیکییە کە گەرەنتی ئەوە هەبێت شەڕ سەر هەڵناداتەوە، نەک ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی "دوژمن" کێشە تەکنیکی و سەربازییەکانی وەک تێکچوونی ڕادار یان نەمانی موشەکی ڕێگریکەر چارەسەر بکات و دواتر دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران. 

 جەختی کردەوە کە هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر بە ڕاستی لە هێرشەکانی پەشیمان دەبێتەوە و بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و جیهاندا دێتە ئاراوە کە بە تەواوی کۆتایی بە هەڕەشە و شەڕ بهێنێت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە کە تا هه‌لومەرجی سیاسی و ئەمنی گونجاو لە ناوچەکەدا نەیەتە پێش، ئاگربەست قبوڵ ناکەن، ئەم لێدوانانەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەیشتوونەتە لوتکە. هاوکات ئیدارەی ئەمریکا لە هەوڵدایە ڕێگری لە کاردانەوەکانی ئێران بکات لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و ساڵانە نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهانی تێدا تێدەپەڕێت.

دۆخی گەرووی هورمز و نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەلامەتی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕەکانی جیهان و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەشداری دەکەن لە پاراستن و یاوەریکردنی ئەو کەشتیانەی کە بەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا تێدەپەڕن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخە ئابوورییەکە و کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر کەرتی وزە.




PM:12:08:17/03/2026