رۆیتەرز: موجتەبا خامنەیی کەمکردنەوەی گرژیەکان لەگەڵ ئێران ڕەت دەکاتەوە


بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی بەریتانی وتوە کە ڕێبەرە نوێیەکەی وڵاتەکەیان "بە توندی ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتکردووەتەوە" کە بۆ کەمکردنەوەی گرژیەکانە لەگەڵ ئەمریکا و ئەنجامدانی ئاگربەست بوە.

سێ شەممە، ١٧ ئادار ٢٠٢٦، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بکرێت سەبارەت بە پێشنیازەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان وتویەتی "ئەم پێشنیازانە لەکاتی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییە ناڕاستەوخۆکان و نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە خراونەتەڕوو، ئەمەش بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەیە". 

سەرچاوەکە ئەوەشی بە میدیا بەریتانیەکە راگەیاندوە کە رێبەری ئێران بە " توندی ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتکردووەتەوە و جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستی ئێستا و نەکردنی هیچ جۆرە سازشێک لەم قۆناغەدا کردووەتەوە".

رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردوە کە سەرکردایەتیی نوێی ئێران پێی وایە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان ڕێگا بە چوونە ناو هیچ جۆرە دانوستان یان ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن نادات. تاران لەو بڕوایەدا دەبێت کە نیشاندانی هەر جۆرە نەرمییەک لەم کاتەدا، لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە وەک "لاوازی" لێکدەدرێتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵوێستەی موجتەبا خامنەیی، ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکی توندتر و ڕادیکاڵترە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەژێر سایەی سەرکردایەتییە نوێیەکەدا. لەم ستراتیژییە نوێیەدا، تاران زیاتر تیشک دەخاتە سەر بنەمای "بەرپەرچدانەوەی سەربازی" و خۆی بەدوور دەگرێت لە هەر هەوڵێک کە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخەکە بێت لە ئێستادا.

ئەمە لە کاتێکدایە شەی ڕابردوو مەڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە "لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەستیپێکردووەتەوە"، لە دوای ئەو هەواڵە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانبڵاویکردەوە کە ئەو هەواڵە  "دوورە لە راستییەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ماڵپەڕە بە بڵاوکردنەوەی "هەواڵی ساختە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ناسراوە".


PM:03:48:17/03/2026