ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی زانیاری لە بارەی کوشتنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بڵاو دەکاتەوە، کە لە بەرپرسێکی ئیسرائیلی وەرگرتوە.
سێ شەممە، ١٧ ئادار ٢٠٢٦، ڕۆژنامەی گاردیان لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە "پلانی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنەی لاریجانی تێدا دەمایەوە بۆ شەوی یەک شەممە داڕێژرابوو، بەڵام لە دوایین چرکەدا گۆڕانی بەسەردا هات و دواخرا، دوای نیوەڕۆی رۆژی دوو شەممە زانیاریی هەواڵگریمان بەدەست گەیشت کە لاریجانی کەمێکی دیکە دەگاتە یەکێک لەو شوقانەی کە تێیاندا دەمێنێتەوە".
ئەو بەرپرسە وتویەتی دوای وەرگرتنی ئەو زانیارییە، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ئەو شوقەیە و لەو کاتەیشدا لاریجانی لەگەڵ کوڕێکی لەوێ بووە.
لە هەواڵەکەی گاردیاندا هاتوو "کاتێک هەواڵی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنە بڵاوکرایەوە و هێشتا چارەنووسی لاریجانی دیار نەبوو، بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی وتویەتی دەرفەتی ئەوەی لاریجانی لەو هێرشەدا رزگاری بووبێت، سفرە".
ئەمڕۆ (سێ شەممە) یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند "لاریجانی شەوی رابردوو کوژراوە"، لە دواتردا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی "ئەم بەیانییە عەلی لاریجانی، سەرکردەی سوپای پاسدارانمان لەناوبرد".