سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی توند ئاڕاستەی وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ دەکات و دەڵێت ، پارەیەکی زۆرمان خەرج کردوە لە پاراستنی وڵاتانی ناتۆ، بەڵام لەم شەڕەدا چیتر پێویستمان بە یارمەتی ئەوان نیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری تووند دەداتە وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ بەوەی "هەڵەیەکی کوشندە”ـیان کردووە لەوەی لە جەنگی ئێران و بابەتی داخستنی گەرووی هورمز هاوکاری واشنتنیان نەکردووە.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "من سەرسام نیم، چونکە ناتۆ هەمیشە شەقامێکی یەک ساید بووە، ئێمە دەیانپارێزین، بەڵام ئەوان هیچ شتێکمان بۆ ناکەن”.
ترەمپ پاش دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا وتی "ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لە لایەن رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبووە. قەتەر زۆر باش بووە. ئیمارات بەڕاستی زۆر نایاب بووە. سعودیە زۆر نایاب بووە. بەحرێن زۆر باش بووە. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پشتگیرییەکانیاندا زۆر بەهێز بوون".
وتیشی "ئەگەر ئێران ببوایەتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوا دوای ٢٤ کاژێر لە دەستکەوتنی چەکەکە بەکاریدەهێنا و رەنگە بگەیشتایەتە ئەورووپاش".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ترەمپ وتی "ئێمە هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامیمان لە ناوبردوە، سوپامان لە هەموو روویەکەوە خاپور کردوە. هێزە ئاسمانییەکەی بەتەواوی تیاچووە. هیچ رادارێکیان نیە و سیستمی بەرگری ئاسمانییان نەماوە. هەموو شتێکیان لەناوچووە و رابەرەکانیان تیاچوون".