وێنەی ئەو کەسەی لاریجانی بە کوشتدا بڵاوکرایەوە

لەکاتێکدا ئەمڕۆ وەزیری بەرگری ئیسراییل کوژرانی عەلی لاریجانی راگەیاند، وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ وێنەی ئەو کەسەی بڵاوکردەوە کە هۆکاری کوشتنەکە بوو.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، عەلی لاریجانی ئامانجی داهاتووی ئیسرائیلەوە و ئەمڕۆش بە فەرمی هەواڵی کوژرانی بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ سێشەممەش، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە بۆردومانەکانی دوێنێ شەودا کوژراوە.

هەر ئەو ڕۆژە، (هەینی رابردوو) دەیڤد کەیەز، وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی لە "ئێکس” بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لاریجانی ئامانجی داهاتووی ئیسرائیلە.

کەیەز وێنەیەکی لاریجانی لە ڕێپێوانەکەدا بڵاوکردەوە کە کەسێک بە ماسکەوە لە پشتییەوە دەرکەوتووە و نووسیویەتی، ئەو کەسەی لە پشتی لاریجانییەوە دەرکەوتووە هاوڕێمە و سیخوڕی خۆمانە.

هەروەها نووسیبووی سیخوڕەکە ناوی "هابا باتور”ەو یەکێکە لە باشترین کارمەندەکانی مۆساد و (هەینی ڕابردوو) ئێرانی بەجێهێشت و بە سەلامەتی گەیشتەوە بۆ ئیسرائیل.

ئەمڕۆش دەیڤد کەیەز دوای ئەوەی بە فەمری هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی ڕاگەیەندرا، جارێکی دیکە پەیامەکەی هەینی ڕابردووی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "پێم وتن!”.

دوایین دەرکەوتنی عەلی لاریجانی چوار ڕۆژ لەمەوبەر بوو کاتێک لە تاران بەشداری ڕۆژی قودسی کرد.




PM:09:00:17/03/2026