مۆڵەت دەدرێتە سوپای ئیسرائیل بۆ کوشتنی هەر بەرپرسێکی ئێران بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت


وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەبارەت بە کوشتنی بەرپرسانی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای دەکات کە "مۆڵەتی فەرمی دراوە بە سوپا کە  هەر بەرپرسێکی ئێڕان لە کاتی دەرفەتدا بکوژن، بە بێ ئەوەی ڕەزامەندی سیاسی و حکومی وەربگرن".

چوار شەممە، ١٨ ئادار ٢٠٢٦، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رێگایان بە سوپای وڵاتەکەیان داوە هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران کە لە رووی ئۆپەراسیۆنی و هەواڵگرییەوە دەستنیشان کراوە، لەناو ببرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە وەرگرتنی هیچ رەزامەندییەک بکات.

سەبارەت بە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە جەنگدا دژی ئێران وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند "ئێمە بەردەوام دەبین لە پووچەڵکردنەوەی پلانەکانیان و راوەدوونانی هەموو ئەو بەرپرسانە، هەروەها ئامانجی ئێمە لەناوبردنی بەرپرسە باڵاکانی رژێمی ئێران و گۆڕینی سیستەمی حووکمڕانیە لەو وڵاتە".

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان،  ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە.




PM:08:33:18/03/2026