موجتەبا خامنەیی بۆ بکوژانی لاریجانی: بەمزوانە باجەکەی دەدەن


ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، موجتەبا خامنەیی، پەیامێکی فەرمی بە بۆنەی کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "بکوژانی تاوانبار دەبێت بەمزووانە باجەکەی بدەن".

چوار شەممە، ١٨ ئادار ٢٠٢٦، موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی دکتۆر عەلی لاریجانی، نوێنەری رێبەری و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کوڕەکەی و چەند هاوکارێکییم پێگەیشت".

" نەیارانی ئیسلام بزانن رشتنی ئەم خوێنە تەنیا درەختی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر دەکات، بێگومان هەر خوێنێک، خوێنبایەکی هەیە و بکوژانی تاوانبار دەبێت بەمزووانە باجەکەی بدەن"، موجتەبا خامنەیی وا دەڵێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی لاریجانی ڕێبەری ئێران وتویەتی "کەسایەتییەکی زانا، دووربین، هۆشمەند و پابەند بوو، کە ئەزموونێکی زۆری لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، سەربازی، ئەمنی و کولتووریدا هەبوو، بۆ ماوەی پێنج دەیەش رۆڵێکی دیاری لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا گێڕا".

عەلی لاریجانی یەکێک بوو لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران، کە پێشتر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و چەندین بەرپرسیارێتی باڵای دیکەی هەبووە. دوایین پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بوو.
 
سێشەممە ١٧ ئادار ٢٠٢٦،  یسرائیل کاتز، وەزیریی بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی لاریجانی راگەیاند، شەوی سێشەممەش میدیای ئێران هەواڵی کوشتنەکەیان پشتڕاستکردەوە.




PM:09:14:18/03/2026