نرخی نەوتی برێنت ١٧ دۆلار لە خاوی ئەمریکی گرانترە

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە، جیاوازیی نرخی نێوان نەوتی خاوی برێنت و تێکساسی ئەمریکی گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی ٢٠١٥وە.

 هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەرتی وزە لە ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر دابینکردنی نەوت، بوونە هۆی هەڵکشانی خێرای نرخی خاوی برێنت، لە کاتێکدا لە ئەمریکا بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت لە کۆگاکاندا، نرخی خاوی تێکساس بە جێگیری مایەوە و جیاوازیی نێوانیان گەیشتە ١٢.٠٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ناجێگری بازاڕەکانی وزە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێرانەوە هەیە، کە بووەتە هۆی پەککەوتنی بەشێک لە بەرهەمهێنان و داخستنی ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ناوچە هەستیارەکاندا.

ئەم بۆشاییە گەورەیەی نرخ وای کردووە بازرگانان پەنا ببەنە بەر پڕۆسەی "Arbitrage" و گواستنەوەی نەوتی هەرزان لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی تێچووی گواستنەوەی تانکەرەکان لە ٤.٣ ملیۆن دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا قازانجێکی زۆر بۆ بازرگانان دەمێنێتەوە.

 لە دواین مامەڵەکاندا، نرخی خاوی برێنت بەهۆی هەڕەشەکانی سەر کێڵگەی "پارسی باشوور" بە ڕێژەی ٣.٨٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ١١٣.٢٣ دۆلار، لە بەرامبەردا خاوی تێکساس تەنها ٠.١٪ زیادی کرد و لە ئاستی ٩٦.٦٢ دۆلار جێگیر بوو، کە ئەمەش فشارێکی توند دەخاتە سەر بازاڕە جیهانییەکانی وزە.





AM:11:29:19/03/2026