ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە'' بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ئازار، سێ لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی شاری قوم، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکانیان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، لەسێدارە دران.''
ئەو سێ کەسەی سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە بریتین لە (مەهدی قاسمی، ساڵح محەمەدی، و سەعید داودی)، کە لەلایەن دادگاوە تۆمەتی "محارەبە" و کوشتنی دوو ئەندامی هێزەکانی پۆلیسیان (فراجا) بە ناوەکانی عەباس ئەسعەدی و محەمەد قاسمی خراوەتە پاڵ، کە لە ڕووداوەکانی سەرەتای ئەمساڵدا لە شاری قوم کوژرابوون.
دادگای ئێران جگە لە تۆمەتی کوشتن، ئەو سێ کەسەی بە "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکا" تۆمەتبار کردووە، لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ناوبراوان بە بەکارهێنانی "چەکی سارد" لە دوو ناوچەی جیاوازی شاری قوم هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و باری تەناهی شارەکەیان تێکداوە.
سزای لەسێدارەدانی ئەم سێ گەنجە بەیانی ئەمڕۆ لەناو شاری قوم و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە خەڵک جێبەجێ کرا، ئەمەش دوای ئەوەی هەموو قۆناغە یاساییەکانی بڕیارەکە لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە کۆتایی پێهاتبوو.
شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، پەنابردنی ئێران بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەم کاتەدا، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ترساندنی خەڵک و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران لە ڕووی سەربازییەوە بەهۆی هێرشە دەرەکییەکانەوە هەست بە لاوازی دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی ناوخۆوە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.