ترەمپ سەرکردەکانی ناتۆ بە "ترسنۆک" وەسف دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ئاست پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز بێدەنگن و تەنیا گله‌یی لە گرانیی نرخی نەوت دەکەن.*

سەرۆکی ئەمریکا، لە هەڵوێستێکی نوێ و توونددا هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ و بە "بێکاریگەر" و "ترسنۆک" وەسفی کردن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە ئامادەیی خۆیان نیشان نەدا بۆ بەشداری سەربازی لە کردنەوەی گەرووی هورمز کە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. 

دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە ناتۆ بەبێ پشتیوانی ئەمریکا هیچ هێز و کاریگەرییەکی نییە و ئاماژەی بەوە کرد کە هاوپەیمانەکانی پێشتریش نەیانویستووە لە جەنگی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا هاوکار بن.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و کردنەوەی بە ڕووی کەشتییەکاندا تەنیا مانۆڕێکی سەربازیی سادەیە و مەترسییەکی کەمی هەیە، بەڵام هاوپەیمانەکان لەو بەرپرسیارێتییە ڕادەکەن. ئەو پێیوایە داخستنی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە تەنیا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکانی جیهاندا، کەچی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە جیاتی هەنگاوی کردەیی، تەنیا سەرقاڵی گله‌یی کردنن لە تێچووی وزە و گرانبوونی سووتەمەنی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ بە زمانێکی هەڕەشەئامێز ڕووی دەمی کردە سەرکردەکانی ناتۆ و هۆشداری پێ دان کە واشنتن ئەم هەڵوێستەیان لە یاد ناکات و نایبەخشێت. 

ئەم گرژییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە بازاڕی نەوت بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە تووشی شۆک بووە و نرخەکان بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٪ بەرزبوونەتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری جیهانی و بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا دروست کردووە.



تەنگژەی ئێستا دوای ئەوە قووڵتر بووەوە کە تاران وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، گەرووی هورمزی داخست کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێت. 

ترەمپ پێیوایە لە کاتێکدا جەنگەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا کۆتایی هاتووە، بێدەنگیی ناتۆ لەم کاتە هەستیارەدا نیشانەی لاوازییانە و دەبێت خۆیان بەرگەی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ئەو بڕیارانەیان بگرن کە لە بەرژەوەندی ئاسایشی جیهانیدا نین.





PM:06:24:20/03/2026