ڕێبەری نوێی ئێران: دوژمن لە ڕووخاندنی ڕژێم شکستی هێنا

ڕێبەری نوێی ئێران دوای کوژرانی باوکی، جەخت لە بەهێزیی بەرەی ناوخۆ دەکاتەوە و ستراتیژی "ئابووریی خۆڕاگر" بۆ ساڵی نوێ دەستنیشان دەکات.

موجتەبا خامنەیی، لە پەیامێکی نوێدا ڕایگەیاند'' دوژمنانی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانیان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی تووشی شکستی گەورە بوون و نەیانتوانی لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە دەسەڵاتی تاران بهێنن.''

ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵگیرسانی جەنگ و فشارە دەرەکییەکان دوای ئەوە هاتن کە نەیارانی ئێران بێئومێد بوون لەوەی جووڵەیەکی جەماوەری لە ناوخۆدا لە بەرژەوەندی ئەوان ڕوو بدات، هەروەها ئاشکرای کرد کە گەلی ئێران توانیویانە لە ٢٢ی یەنایەری ڕابردوو پلانێکی "کودەتا" بە تەواوی پووچەڵ بکەنەوە.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ڕێبەری نوێی ئێران ڕەتی کردەوە، وڵاتەکەی هیچ هێرشێکی کردبێتە سەر تورکیا و سوڵتاننشینی عومان، هاوکات داوای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستان و پاکستان کرد بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە. ئەو ستایشی ڕۆڵی سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی ئێستای کرد کە لە ناو خەڵکدا ئامادەن.

موجتەبا خامنەیی هۆشداری تووندی دایە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە بەرامبەر کەمپەینە میدیاییە "ژەهراوییەکانی" دوژمن بەئاگا بن، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو میدیایانە لێدانە لە یەکڕیزیی گەلی ئێران. 

داوای لە میدیا ناوخۆییەکانیش کرد کە تیشک نەخەنە سەر خاڵە لاوازەکان بۆ ئەوەی نائومێدی بڵاو نەبێتەوە، بەڵکو کار بکەن بۆ بەهێزکردنی ورەی گشتی لەم قۆناغە هەستیارەدا کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڕێبەری ئێران دروشمی ئەمساڵی وەک "ئابووریی خۆڕاگر لە سایەی یەکگرتوویی نیشتمانی" ڕاگەیاند، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەکاریی تاران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکان و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی جەنگ. ئەو جەختی کردەوە کە هێڵی بەرگری ناوخۆیی ئێران زۆر لەوە بەهێزترە کە نەیارەکانیان بیری لێ دەکەنەوە و گەل وەک دیوارێکی پتەو لە پشت سیستەمەکە وەستاونەتەوە.




PM:06:32:20/03/2026