وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری بریندارانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەیان لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا ٢٠ هەزار و ٩٨٤ کەس بریندار بوون و بەهۆی بەردەوامیی بۆردومانەکانیشەوە کەرتی تەندروستیی وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆی توندیی هێرشەکانەوە حەوت نەخۆشخانەی سەرەکی بەتەواوی لە خزمەتگوزاری کەوتوون و ناچار بە چۆڵکردن کراون و هاوکات ٣٦ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا زیانیان بەرکەوتووە کە ئەمەش ئاستەنگی بۆ گەیاندنی هاوکارییە پزیشکییەکان دروست کردووە.

ئەم پەرەسەندنە خوێناوییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و تەلئەڤیڤ گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و تاران لە وەڵامی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی باڵای وڵاتەکەیدا زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر ناوخۆی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کە ئەمەش ئاسۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگەکەی ئاڵۆزتر کردووە.




PM:09:27:21/03/2026