ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، تیمی دۆناڵد ترەمپ دوای سێ هەفتە لە شەڕی ڕاستەوخۆ خەریکی داڕشتنی پلانێکی ستراتیژین بۆ دانوستانە ئەگەرییەکانی ئاشتی و لەو چوارچێوەیەشدا واشنتن چەند مەرجێکی قورسی وەک سفرکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم و لەناوبردنی ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکانی خستووەتە بەردەم تاران و داواش دەکات دەستبەجێ گەرووی هورمز بکرێتەوە و پشتگیریی گروپە چەکدارەکان و پەرەپێدانی سیستمی مووشەکی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕابگیرێت.
لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە کردووە کە داواکارییەکانی ئەمریکا نوێ نین و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە ئاگربەستێک یان دانوستانێک بەندە بە پێدانی گەرەنتی بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان و قەرەبووکردنەوەی تەواوی ئەو زیانە گەورانەی کە بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە ژێرخانی ئێران گەیشتوون.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ باسی لە ئەگەری ڕاگرتنی قۆناغ بە قۆناغی شەڕەکە کردووە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی پێشبینی دەکەن لانیکەم دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە پێکدادانەکان بەردەوام بن و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەمجارە وڵاتی قەتەر لە جیاتی عومان ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتندا بگێڕێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.