ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەکات کە باس لە کەوتنی پارچەی مووشەکێکی ئێرانی دەکەن لە شاری دیمۆنای ئیسرائیل.
ئەو پارچە مووشەکە لە دەوروبەری شاری دیمۆنا کەوتووەتە خوارەوە کە ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی "نەقەب"ی تێدایە و بە نهێنیترین و قایمترین دامەزراوە دادەنرێت، ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزی ئەتۆم دەڵێت" ئەمە بەزاندنی تەواوی یاساکانی پێکدادانی نەریتی هەژمار دەکرێت".
ئاژانسەکە جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی پێنەگەیشتووە سەبارەت بە ڕوودانی زیانی ڕاستەوخۆ لە ناو جەرگەی کورەی ئەتۆمییەکە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەردەوامە لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد دەربارەی جۆری پارچەی مووشەکەکە و قەبارەی تەقینەوەکە.
دەسەڵاتە ناوچەییەکان دڵنیاییان داوەتە ئاژانسەکە کە هیچ ئاستێکی تیشکدانەوەی نائاسایی لە ناوچەکەدا تۆمار نەکراوە دوای کەوتنی مووشەکەکە.
شیکەرەوە سەربازییەکان پێیانوایە گەیشتنی مووشەکی ئێرانی بۆ دەوروبەری دیمۆنا پەیامێکی سیاسی و سەربازیی شۆککەرە، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە "پارێزبەندی ئەتۆمی" چیتر بوونی نەماوە و ئامانجەکانی داهاتوو ڕەنگە تەواوی ناوچەکە بسووتێنێت.