ئێران: کەرتی کارەبا و ئاو رووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە

‌دیمەنێکی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران


لە کاتێکدا ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە بۆ هێرشە نوێکەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، گەر گەرووی هورمز بەرنەداتەوە، وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند" ژێرخانە هەستیارەکانی کەرتی ئاو و کارەبا لە ئێران بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانی و سایبەرییانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، ڕووبەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە.

عەباس عەلی ئابادی وەزیری وزەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند " هێرشەکان دەیان دامەزراوەی گواستنەوەی ئاو و وێستگەی پاڵاوتنیان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی تێکشکانی بەشێک لە تۆڕە سەرەکییەکان، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەم دامەزراوانە لە ماوەیەکی کورتدا گەڕاونەتەوە بۆ کارکردن".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە هەڕەشەکان ڕوو لە زیادبوونن، بەو پێیەی دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی داوە لە بەئامانجگرتنی تەواوی کەرتی وزەی ئێران ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەرووی هورمز نەکرێتەوە.

لە بەرامبەردا، ئێران جەختی کردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکانی دەداتەوە، و هۆشداریشی دا کە دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانەکانی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، لە مەودای وەڵامدانەوەکەیاندا دەبن لە ئەگەرى ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەریان.




PM:01:16:22/03/2026