سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند'' واشنتۆن و تاران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی بەرهەمدار سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکانی نێوانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.''
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە کەشوهەوای گفتوگۆکان قووڵ و بونیادنەر بوون و بڕیارە تا کۆتایی ئەم هەفتەیەش بەردەوامییان هەبێت.
لە چوارچێوەی ڕەوتی ئەرێنیی ئەم دانوستانانەدا، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا فەرمان بە وەزارەتی جەنگ بکات بۆ دواخستنی هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی کە بڕیار بوو بکرێتە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی وڵاتی ئێران.
ئەم بڕیارە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ کارایە و جێبەجێکردنی بەستراوەتەوە بە ئاستی سەرکەوتنی ئەو کۆبوونەوە و گفتوگۆ چڕانەی کە لە ئێستادا لە نێوان هەردوو لایەندا بەڕێوەدەچن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی و سەقامگیر، سوپاسی هەموو لایەکیشی کرد بۆ گرنگیدانیان بەم پێشهاتە سیاسییە نوێیەی کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دەباتە قۆناغێکی جیاوازەوە.