وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند'' هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لە نێوان تاران و واشنتۆن بوونی نییە.''
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی ترەمپ لەبارەی هەبوونی دیالۆگی بەرهەمدار دوورن لە ڕاستی و ئێران بە تەواوی ئەو بانگەشانە ڕەتدەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی نەگۆڕە و هیچ جۆرە دانوستانێک ئەنجام نادرێت پێش ئەوەی تاران بە تەواوی ئامانجەکانی خۆی لە جەنگەکەدا بەدی بهێنێت.
وەزارەتی دەرەوە لێدوانە نوێیەکانی ترەمپی وەک پاشەکشەیەک لە هەڕەشە توندەکانی پێشووی ئەمریکا وەسف کرد، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئێران هێشتا پابەندی هەموو هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی خۆیەتی و هیچ نەرمییەک نانوێنێت.
سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' ستراتیژییان بەرامبەر گەرووی هورمز نەگۆڕاوە و ئەو ڕێڕەوە ئاوییە بە داخراوی دەمێنێتەوە بەڕووی هەر دەستدرێژکارێک کە بیەوێت زیان بە خاک و گەلی کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت، ئەمەش وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا دەبینرێت.''