نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی زیاتر لە ١٣٪ دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند'' فەرمانی بە سوپا کردووە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران رابگرن.''
ئەم وەرچەرخانە کتوپڕە دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد گفتوگۆی "زۆر باش و بەرهەمدار" لەگەڵ تاران ئەنجامدراوە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دانوستانە دیپلۆماسییانە بەدرێژایی هەفتە بەردەوام دەبن بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتە ڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕەکانی وزە کاردانەوەی توندیان بەرامبەر ئەم هەواڵە هەبوو، بەجۆرێک نرخی خاوی برێنت بە رێژەی ١٥٪ دابەزی و گەیشتە ٩٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
هاوکات خاوی تەکساسیش بە هەمان شێوە پاشەکشەی کرد و گەیشتە ئاستی ٨٥.٢٨ دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا نرخەکان بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیبوو.